ته‌مووز 31, 2022 07:43 Asia/Tehran
  • ڕووفاتی 100 ئەنفالکراوی بارزانی گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان

رۆژی شەممە رووفاتی 100 هاونیشتمانیی ئەنفالکراوی دەڤەری بارزان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە و لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕێواس فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بەشێکی دیکە لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشوازییان لێکرا.

 رووفاتی 100 ئەنفالکراوەکە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانی عەرعەر لە باشووری عێراق بوون. 

رۆژی 31ی تەمموزی1983، گاردی کۆماریی عێراق لە هەڵمەتێکدا هەشت هەزار بارزانی لە کۆمەڵگە زۆرەملێکانی قوشتەپە، بەحرکە، دیانە و هەریر ئەنفال کرد. 

رووفاتەکان ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی تەممووز لە رێوڕەسمێکدا لە بارزان بەخاکدەسپێدرێن.

 دوای ساڵی 2003، رووفاتی 596 بارزانی لە بیابانی عەرعەر دۆزرانەوە و تەرمەکانیان لە دوو کاتی جیاوازدا گەڕێندرانەوە بارزان و لە گۆڕستانی جینۆسایدکراوان بەخاک سپێردران.

 پرۆسەی ئەنفال کە ڕژێمی بەعس لەسەردەمی سەدام حسێن ئەنجامیدا لە نێوان ساڵانی 1980 و 1988 ئەنجامدرا و تێیدا زیاتر لە 182 هەزار هاونیشتمانیی  کورد ئەنفالکران و نزیکەی 4500 گوند و شارۆچکەش رووخێندران.

سەرپەیڤ