دەستەی دەسپاکیی هەرێمی کوردستان : داتاکانی ئێمە قەبارەی ڕاستەقینەی گەندەڵی نین
دەستەی دەسپاکیی هەرێمی کوردستان ، ئاماری کەیسەکانی گەندەڵیی خستەڕوو و سەرۆکەکەی دەڵێت، گەندەڵی هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان و داوای لە ئەنجومەنی دادوەری کرد “ترسناکیی کەیسەکانی گەندەڵی” بە هەند وەربگرن.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا داتا و ئامارەکانی لێکۆڵینەوەکردن لە دۆسیەکانی گەندەڵیی خستەڕوو و ئاشکرایکرد، لە نێوان ساڵانی 2017 تا 2022 بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی، 72 کەسی پلە باڵا و پلە تایبەت لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و شەشیان وەزیر بوون، کە زۆرینەیان وەزیری کابینەکانی پێشووی حکومەتن و تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە گەندەڵی.
وتیشی، جگە لەو شەش وەزیرە، یەک پەرلەمانتار، یەک سەرۆکی دەستە، شەش بریکاری وەزیر، 34 بەڕێوەبەری گشتی، پێنج ڕاوێژکار، چوار سەرۆکی فەرمانگە، پارێزگارێک، پێنج قائیمقام و هەشت ئەندامی ئەنجومەن بە تۆمەتی گەندەڵیکردن ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کراون.
سەرۆکی دەستەی دەسپاکی ڕایگەیاند، نزیکەی پێنج ساڵە داوادەکەن دادگایەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی پێکبهێنرێت، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەکراوە و کەیسەکانی گەندەڵی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەبینرێن و بەهۆی نەبوونی دادگایەکی تایبەتەوە، لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی دوادەکەوێت.
داواشیکرد ئەنجومەنی دادوەری “ترسناکیی کەیسەکانی گەندەڵی” بە هەند وەربگرن و وتی، “گەندەڵی هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان”.