ئاب 03, 2022 20:47 Asia/Tehran
  • ئەندام پەرلەمانێک سکاڵا لە حکومەتی ھەرێم دەکات

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕەچاو نەکرانی مافی فەرمانبەرانی لە لایەن حکومەتەوە ڕایگەیاندووە: ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە مانگانە زیانی گەورە بە نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا دەگەیەنێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «عومەر گوڵپی» ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە ساڵی 2016ەوە پلەبەرزکردنەوە ڕاگیراوە و هەندێک لە فەرمانبەران و مامۆستایان کە لەو ساڵەدا شایستەی پلەبەرزکردنەوە بوون دوو پلە و زۆرینەی زۆریشیان بەلایەنی کەمەوە یەک پلەیان لای حکومەتەو چاوەڕوانی ئەو مافەیان دەکەن.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە، ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە مانگانە زیانی گەورە بە نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا دەگەیەنێت و بڕی ئەو پارەیەی کە زیانە بۆ هەر فەرمانبەر و مامۆستایەک لە نێوان 60 تا 300 هەزار دیناری مانگانەیە، لە هێندێک حاڵەتیش نزیکەی 400 هەزار دینارە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد، بە نووسراوی ژمارە 188 لە 3ی ئابی 2022 سکاڵای یاسایی جوڵاندووە بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و گەڕاندنەوەی ئەو مافە یاساییە و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەوە لێیان کەوتووە.

سەرپەیڤ