ھەڵبژاردن گرینگەو دواخستنی زیان بە ناو و پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت
کۆبوونەوەی لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای سەرۆکایەتیی هەرێم سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و جەخت لە گرنگیی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستان کرایەوە کە دواخستنی زیان بە ناو و پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ، کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە ئامادەبوونی «جێنین پلاسخارت» نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەچوو. وەک باسی دەکرێت، لە کۆبوونەوەکەدا «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستان هیوای خواستووە لایەنە سیاسییەکان بگەنە لێکگەیشتنێک بۆ دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی گرفتەکان و جەختی لە گرنگیی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستان کردووەتەوەو ڕاشیگەیاندووە کە،دواکەوتنی هەڵبژاردن زیان بە ناو و پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، «پلاسخارت» پشتگیریی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردووەتەوە و جەختی لەوەش کردووە کە دەبێت بە زووترین کات بگەنە ئەنجامێک، دەرفەتێکی ئەوتۆ نەماوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا هاتووە: بڕیاردرا سەرەتای مانگی ئەیلولی داهاتوو دوایین کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی تەواوی بابەتەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەکە ئەنجام بدرێت.