یەکێتیی نیشتیمانی: بە هەڵبژاردنی پێشوەختەش کێشەکان چارەسەر نابن
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە: تەنانەت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق کێشەکان چارەسەر ناکات، بۆیە ئەو پارەیەی لە هەڵبژاردن خەرج دەکرێت، باشترە بۆ خەڵکی خەرج کەن.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی «عەھد»ی عێراق، «سۆزان مەنسور» وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە: هەڵبژاردنی پێشوەختە کێشەکان چارەسەر ناکات و لە هەمان بازنەدا دەمانهێڵێتەوە، یەکێتی رێز لە ئەنجومەنی دادوەری و ئەو ماوە دەستوورییانە دەگرێت کە بۆ پێکهێنانی حکومەت دیاریی کردووە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: ئەو بڕە پاریەی لە دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردندا خەرج دەکرێت، بۆ خەڵک خەرج بکرێت باشترە، چونکە دەرەنجامی دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن ھاتنەوەی هەر ئەم حزبە سیاسیانە دەبن بە جیاوازییەکی کەم لە کورسیی پەرلەماندا.
لێدوانەکەی «سۆزان مەنسور» لەکاتێکدایە کە، «موقتەدا سەدر» رابەری رەوتی سەدر داوای هەڵوەشانەوەی ئەم خولەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە مانگی 10ی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراقدا ئەنجامدرا.