ئاب 17, 2022 11:00 Asia/Tehran
  • لە سەر گیراوانی بادینان ٣٠ پەرلەمانتاری کوردستان ھاتنە دەنگ

٣٠ ئەندامی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە: سەلامەتی گیانی گیراوانی بادینان لە ئەستۆی داواکاری گشتی چاکسازی و بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر دایە، بۆیە هەمو هەوڵێک و ڕێکارێکی یاسایی دەگرنە بەر بەمەبەستی پێشێل نەکرانی ماف و پاراستنی شکۆی مرۆڤ و بەکارنەهێنانی دادگاو دەزگاکان بۆ "مەرامی سیاسی و تۆڵە کردنەوە."

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، ئەم ٣٠ پەرلەمانتارە لە ڕاگەیەندراوەکەیان دا باسی ئەوەشیان کردووە کە، زیندانیانی بادینان پاش ئەوەی ئەحکامی مەرجەکانی بەربوونی مەرجدار دەیانگرێتەوە کەلەمادەی ٣٣١ ی یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەکاندا هاتووە ، پێویست بوو کارڕایی ئازادکردنیان بۆ ئەنجام بدرایە بەڵام بەداخەوە "بەمەبەست و پێشێلکردنی یاسا  هێڵدراونەتەوە لە کونجی زینداندا. بۆیەش ماوەی ٢٦ ڕۆژە زیندانیانی بادینان مانیان گرتوە و دۆخی تەندروستی بەشێکیان ناجێگیرەو ژیانیان لە  مەترسیدایە".

ئەوەش هاتوە، "لەبەر ئەوە  دەبوو  بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر  ئەرکی فەرمانبەری خۆی ڕاپەڕاندایەو کارڕایی بەردانی مەرجداری  ئاڕاستەی داواکاری گشتی بکردایە، ئەرکی داواکاری گشتیشە بەزوترین کات مامەڵەکانیان ئاڕاستەی دادگای کەتن بکات تا  کاروبارەکانیان ڕاییبکرێت و ئازاد بکرێن و یاسا سەروەربێت .

٣٠ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا دەڵێن، "داوا لە وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەکەین کە لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوەی جددی بکات لە بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر سەبارەت بە کەمتەرخەمی کردنی لەڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا، هەروەها داوا لە سەرۆکی دەستەی دەسپاکی دەکەین بەزوترین کات دەست بکات بە لێکۆڵینەوە لەو فەرمانبەرانەی کە کەمتەرخەمییان کردووە لە ئەرکەکانیاندا. لێرەوە بۆ ڕای گشتیش ڕادەگەیەنین سەلامەتی گیانی گیراوانی بادینان لە ئەستۆی داواکاری گشتی چاکسازی و بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێردایەو  و هەر مەترسیەک لەسەر ژیانی ئەو زیندانیانە دروست ببێت دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەوە.

سەرپەیڤ