ئاب 20, 2022 11:59 Asia/Tehran
  • 60 کۆچبەری کورد لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانەوە دەستگیرکران

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، 60 کۆچبەری کورد بەهۆی تێکچونی بزوێنەری یەختەکەیان، ناچاربوون لە دورگەی کیسرا بوەستن و لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانی دورگەی کیسرا دەستگیرکراون.

بە پێی هەواڵێکی میدیای شارپرێس ، لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بڵاویکردەوە، زیاتر لە ٦۰  کۆچبەر لە دورگەی کیسرای وڵاتی یۆنان کە لە ٨/١٣ بەڕێکەوتون لە وڵاتی تورکیاوە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا، بە هۆی تێکچونی بزوێنەری یەختەکەیان  لە ٨/١٧ ناچار بوون لە دورگەی کیسرا  بوەستن و لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانی دورگەی کیسرا دەستگیر دەکرێن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو کۆچبەرانەی کە لە دوو رۆژی ڕابردوودا گەیشتونەتە دورگەی کیسرا لە یۆنان، دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی داخراوی ئەمیگدەلێزا کە ١٥  کم لە شاری ئەسینای پایتەختەوە دورە، دوای تۆمار کردنی ناوەکانیان و داوا کردنی مافی پەنابەری بۆ ماوەی نزیکەی ٤٠ ڕۆژ لەوێ دەمێننەوەو پاشان دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی ئاسایی.

دەزگای لوتکە ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەی کە بڕیارێکی نێو دەوڵەتی هەیە بۆ دیپۆرتکردنەوە، بەڵام هەموو هەوڵێکیان دەخەنەگەر بۆ دیپۆرت نەکردنەوەی ئەو کۆچبەرانە و  تەواوی کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە ئاگادار دەکەنەوە، کە بەهۆی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا ناتوانن ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەکار بهێنن دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوکان  دەگوازرێنەوە کەمپی ئاسایی.

سەرپەیڤ