ئاب 21, 2022 16:12 Asia/Tehran
  • شاندێکی باڵای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سەردانی هەولێر دەکەن

بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران وتی سبەی شاندێکی وڵاتی ئێران سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.

عەبدوڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاندووە، "بڕیارە سبەینێ دووشەممە شاندێکی پارێزگای ئورمیە بە سەرۆکایەتی پارێزگاری ئورمیە سەردانی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر بکەن".

عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی، "مەبەست لەو سەردانەی شاندەکەی وڵاتی ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ گفتووگۆکردنە لەبارەی پرسی بازرگانی و ھەماھەنگی زیاتری نێوان ھەردوولا و رێکاری تەواو بگرنەبەر بۆ ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ ھەرێمی کوردستان، کە بڕیارە بە ھەرێمی کوردستاندا بچن بۆ چلەی ئیمام حوسێن.

ناوبراو گوتیشی: "ئەو شاندە لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی گفتووگۆ بکەن لەبارەی ئەوەی کە چۆن بتوانن زیاتر پەرە بەبواری بازرگانی بدەن و ئاسانکاری زیاتر بکرێت و جوڵەی بازرگانی زیاتر بێت، چونکە ھەردوولا ھاوڕان لەسەر زیاتر کردنی جووڵەی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و ئێران ".

ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەگاتە چوار ملیار دۆلار و ھەردوولا ھەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی وەکو پێشوو بۆ ھەشت ملیار دۆلار لەساڵێک دا بەرزی بکەنەوە. 

سەرپەیڤ