ئاب 23, 2022 11:05 Asia/Tehran
  • پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات

«محەمەد سادق موعتەمدیان» پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران بە ئامانجی پەرەپێدانی پێوەندیی بازرگانی و ئامادەکاری بۆ سەردانی زیارەتکارانی ئێرانی لە ڕێگای خاکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق بە مەبەستی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمامی حسێن(ع)، گەییشتە هەرێمی کوردستان.

«عەبدوڵڵا ئاکرەیی» بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بە ڕایگەیاندووە: «محەمەد سادق موعتەمدیان» پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی هەولێر بۆ باس لەسەر چەند بابەتی بازرگانی و سەفەری زیارەتکارانی ئێرانی بۆ عێراق، گەیشتە هەرێمی کوردستان.

وتیشی: پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگای دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە گەیشتە پارێزگای هەولێر و بە سەرۆکایەتی وەفدێک کە «نەسروڵڵا ڕەشنوودی» سەرکونسوڵی ئێرانی تێیدابوو، لەگەڵ «هەڵگورد شێخ نەجیب» قایمقام و بەرپرسانی دیکەی ئیدارەی سۆران کۆبووەوە.

بە وتەی «ئاکرەیی» لەم دیدارەدا پەرەپێدانی پێوەندیی بازرگانی و سەفەری زیارەتکارانی ئێرانی بە مەبەستی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ئەربەعینی حسێنی لە پارێزگاکانی ناوەند و باشووری عێراق، خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

سەرپەیڤ