دانوستانی پارتى و یەکێتى لە سەر پۆستى سەرۆک کۆمار درێژەی ھەیە
پەرلەمانتارێکى یەکێتى لەپەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە پارتى و یەکێتى گەیشتبنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەى پۆستى سەرۆک کۆمارەوە، بەڵام دەڵێت" گفتوگۆی هەردوولایەن بەردەوامە تا بەیەک کاندیدی هاوبەش کورد بچێتە بەغدا".
کەریم شکور ئەندامی پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتی بە میدیای شارپرێسی راگەیاند" بۆ ئێمەی کورد باشترە کە رێکبکەوین لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارو بابەتەکانی دیکەش، چونکە ئێمە ناکۆکیمان لەگەڵ پارتى لەسەر شتی تریش هەیە کە دەبێت لەسەر هەموو ئەمانە رێکبکەوین، بۆیە باشترە بۆ ئێمەو پارتیش باشترە کە بەیەک کاندید بڕۆینە پەرلەمانی عێراق نەک بە دوو کاندید کە رەنگە ئەنجامێکى باشی نەبێت و کاریگەری لەسەر کۆی پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى بکات".
ئاماژەى بەوەشکرد، لەئێستادا گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتى هەیە بۆ ئەوەی بەیەک کاندید بچنە پەرلەمانى عێراقەوە، بەڵام تائێستانەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و یەکلایی نەکراوەتەوە.
پەرلەمانتارەکەى یەکێتى باس لەوە دەکات، پارتى و هاوپەیمانى سیادە ناچنە دەرەوەى حکومەت، چونکە بۆیان ئاسان نییە لەدەرەوەى حکومەت بن، بۆیە بەشداری دەیانەوێت بە جێبەجێکردنى مەرجەکانیان بەشداری حکومەت بکەن.
سەبارەت بە هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکومەتیش کەریم شکور دەڵێت" لەدوای تەواو بوونى چلەى ئیمام حسێن کۆبوونەوەو گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە کە هەمووی بە ئاڕاستەى پێکهێنانى حکومەت دەبێت، بۆیە پێموایە ماوەیەکى دیاریکراودا پێکدەهێنرێت و پارتى و سیادەش تیایدا بەشدار دەبن".
گوتیشی : ئێرانییەکان و ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەلایانەوە گرنگە حکومەتى عێراق زوو پێکبهێنرێت، چونکە ژیان لە عێراق وەستاوەو بودجە نییە، دۆخی خەڵک خراپە.
لەچەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە بەرپرسانى پارتی باسیان لەوە کرد کە پارتى و یەکێتى لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار گەیشتوونەتە رێککەوتن و بەیەک کاندیدی هاوبەش دەچنە پەرلەمانی عێراق کە بەوتەى خۆیان رێککەوتنەکە بە جۆرێکە هەردوولا کاندیدەکانیان دەگۆڕن.