تشرینی دووه‌م 01, 2022 17:35 Asia/Tehran
  • ئه‌ندامانى فراکسیۆنى یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستانی عێراق له‌په‌رله‌مان ده‌ستیان له‌کارکێشایه‌وه‌

فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی هەریمی کوردستانی عیراق لەنوسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کرد ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ى په‌رله‌مانتارانى فراکسیۆنه‌که‌ی ڕاگه‌یاندو جەختی لەوەش کردەوە کە،هیچ پاساوێک بۆ درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، لە نووسراوەکەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی عێراق دا جەخت لەوە کراوەتەوە کە، هیچ پاساوێک بۆ درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانی عێراق نییەو ئێمه‌ لەگەڵ درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانى کوردستاندا نین.

فراکسیۆنی یەکگرتوو ئاماژه‌ی بەوەش کردووە کە، بە سەرنجدانی ئەوەی کە ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمان لەشەشی تشرینی دووھەمی ٢٠٢٢ کۆتایی پێ دێت، پاڵپشت بەمادەی ٥١ ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەست لەکارکێشانەوەی هەر پێنج ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئاراستە دەکەین .

ھەر لەم پەیوەندییەدا دکتۆر «شێرکۆ جەودەت» سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانی دا جەختی لەوە کردووەتەوە کە،١١ ڕۆژ لەمەوپێش کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسییمان کرد و ڕامانگەیاند کە دەکشێینەوە، ئەمڕۆش بەفەرمیی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانمان کرد، دەبێت سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەزووترین کات بیخاتە بەرنامەی کارەوە و پەسەندی بکات.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بڕیارێکی نایاساییە و  نادروستە ، چونکو مافی دەنگدەر کە تەنیا بۆ ماوەی چوار ساڵ دەنگی بە نوێنەرانی پەرلەمان داوە، دەفەوتێنێ و بەم پێیە، دێژ کردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە ڕاستی دا درێژەدانە بەو گەندەڵی و دۆخەی کە هەیە، بۆیە ئێمە قبوڵمان نییە و ئامادەش نین کە بەردەوام بین.

جێگای ئاماژەیە، دریژکردنەوەی خولی پینجەمی   پەرلەمانی هەریمی کوردستانی عیراق که  به هەوڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق لەم دواییانه دا ئەنجام بوو ، نارەزایەتیی زوری لیکەوتەوەو ڕەخنەگران ، به کاریکی نایاسایی دەزانن .

سەرپەیڤ