تشرینی دووه‌م 18, 2022 06:35 Asia/Tehran
  • سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و جێگرەکەی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکەی سلێمانی دەکەن

«مه‌سرور بارزانی» و «قوباد تاڵه‌بانی» وێڕای سەرەخۆشی کردن بۆ ڕووداوە دڵتەزێنەکەی شاری سلێمانی،بەرپرسانی پارێزگاکە ڕادەسپێرن ھەتا لە ھۆکاری ڕووداوەکە بکۆڵنەوە بۆ ڕێگری کردن لە دووبارە بوونەوەی.

«مه‌سرور بارزانی» سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، تایبه‌ت به‌ ته‌قینه‌وه‌که‌ی گه‌ڕه‌کی «کازیوه‌ی دوو» له‌ شاری سلێمانی په‌یوه‌ندیی به‌«هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر» پارێزگاری سلێمانیه‌وه‌ کرد و رایسپارد، به‌دواداچوونی ورد و خێرا بۆ هۆکاری ڕوداوی تەقینەوه‌ دڵته‌زێنه‌که‌ بکه‌ن.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی حکومه‌تی هه‌رێم، بۆ به‌دواداچونی ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌ی گاز له‌ شاری سلێمانی، «مه‌سرور بارزانی» سه‌رۆکی حکومه‌تی ھەرێمی کوردستانی عێراق،  په‌یوه‌ندی به‌ «هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر»ی پارێزگاری سلێمانیه‌وه‌ کردو ڕایسپارد که‌ داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومه‌ت، به‌دواداچوونی ورد و خێرا بۆ هۆکاری ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌که‌ بکه‌ن و به‌هانای زیانلێکه‌وتوانه‌وه‌ بچن و هه‌رچی پێویست بێت ئه‌نجامی بده‌ن.

سه‌رۆکی حکومه‌ت هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌میی خۆی بۆ بنه‌ماڵه‌ و که‌سوکاری قوربانییان ده‌ربڕی و هیوای چاکبونه‌وه‌ی خێراشی بۆ برینداران خواست.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە «قوباد تاڵه‌بانی» جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش له‌په‌یامێکدا سه‌باره‌ت به‌ته‌قینه‌وه‌که‌ی شه‌وی ڕابردووی «گه‌ڕه‌کی کازیوه‌ی دوو» له‌شاری سلێمانی رایگه‌یاندووە: له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵم بۆ هه‌ر کارێکی پێویست، له‌ئێستادا هه‌موو هێزه‌ ئه‌منی و په‌یوه‌ندیداره‌کان سه‌رقاڵی به‌هاناوه‌چوونی قوربانیان و رزگارکردنیانن، له‌ڕۆژانی داهاتودا لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد ده‌کرێت له‌پێناو رێگه‌گرتن له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی کاره‌ساتی له‌م شێوه‌یه‌.

«قوباد تاڵه‌بانی» له‌په‌یامەکەی دا جەختی لەوەش کردەوە کە، ڕووداوی دڵته‌زێنی ته‌قینه‌وه‌که‌ی گه‌ڕه‌کی کازیوه‌ی سلێمانی هه‌موومانی ماته‌مبار کرد، له‌ دڵه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌ و که‌سوکاری قوربانیانی رووداوه‌که‌ ده‌که‌م و هیوای چاکبوونه‌وه‌ی خێرا بۆ برینداره‌کان ده‌خوازم.

سەرپەیڤ