لە هەولێر بەڕێوەچوو:
سێهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی سەرکردە «قاسم سولەیمانی» و «ئەبومەهدی موهەندیس»
سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر لە ڕێوڕەسمی سێهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی سەرکردە «قاسم سولەیمانی» و «ئەبومەهدی موهەندیس» ڕایگەیاند:دیارە ئەگەر هەوڵ و گیانفیدایی شەهید «سولەیمانی» و بەشداری و تێکۆشانی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سوپا و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە نەبایە، دەسکەوتی گەورەی سەرکەوتن لە بەرامبەر تیرۆریزمی داعش مسۆگەر نەدەکرا.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ژێدەرەکانی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی سێهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی سەرکردە «قاسم سولەیمانی» و «ئەبومەهدی موهەندیس» کە ڕۆژی پێنجشەممە لە ئوتێل شرایتۆنی هەولێری ھەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو، نوێنەرانی «بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان، «مەسرور بارزانی» سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، «مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک لە وەزیرانی کابینەی حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵ و بزوتنەوە و چەند لایەنی تورکمانی و ژمارەیەک لە میدیاکاران بەشداربوون.
لەم ڕێوڕەسمەدا ھەروەھا ژمارەیەک لە کەسایەتی و چالاکانی کەلتووری، کەسایەتی ئایینی و نوێنەری عەشیرەتەکان و میوانگەلێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە هەموو شارەکانی هەڕێم و هەروەها پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک و سەڵاحەدین و... کونسوڵی فەڵەستین و ئەرمینیا ئامادەبوون.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا «نەسروڵڵا ڕەشنوودی» سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر لە وتارێکدا تیشکی خستەسەر بەشێک لە چالاکیەکان و خۆبەختکارییەکانی «قاسم سولەیمانی» و وتی: شەهیدی نەمر «حاج قاسم سولەیمانی» پێش هەموو کەسێک هەستی بە مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش کرد و بۆ ئەمەش دەستبەجێ ئامادەی بەرەکانی شەڕی دژ بەو گرووپە تیرۆریستییە بوو و ڕێگریی لە پێشڕەوییەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە کرد لە کاتێکدا هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتووی لە لایەن وڵاتان و لایەنەکانی پاڵپشتی تیرۆرەوە پێدرابوو.
وتیشی: شەهید سولەیمانی لە پاش فەتواکەی «ئایەتوڵڵا سیستانی» و بە لێزانی و لێهاتوویی خۆی، گەنجان و چین و توێژەکانی دیکەی خەڵکی لە حەشدی شەعبیدا ڕێکخست و هاوڕێ لە گەڵ فەرماندەکانی دیکەی خۆڕاگری لە کاتی دیاری کراودا، کۆتایی بە خەلافەتە ساختەکەی داعش لە سەر ئاستی جیهان هێنا.
سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە: داعش بە هاوکاریی ئەو وڵاتانەی کە پێکهێنەر و پاڵپشتی بوون، هاتبوو کە لە کوشتن و تاڵانکردن و بەدیلگرتنی خەڵک بەردەوام بێت، وەک ئەوەی کە لە سپایکر ڕووی دا و دیارە ئەگەر هەوڵ و گیانفیدایی شەهید «سولەیمانی» و بەشداری و تێکۆشانی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سوپا و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە نەبایە، دەسکەوتی گەورەی سەرکەوتن لە بەرامبەر تیرۆریزمی داعش مسۆگەر نەدەکرا.