کانونی دوھەم 19, 2023 17:03 Asia/Tehran
  • سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا: تاوانباران ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە

مەسرور مەسعود بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دوابەدوای تیرۆرکرانی پێنج ھاوڵاتیی کوردی عێراقی لە تورکیا، ئەم تاوانەی ئیدانەکردو داوای لە دەوڵەتی ئەو وڵاتە کرد کە دەستبەجێ ھۆکارانی ئەو دڕندەکارییە ناس بکرێن و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «مەسرور مەسعود بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە پەیامێکدا رایگەیاند، بەتوندی سەرکۆنەی هێرشکردنەسەر ژمارەیەک هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان لە ماردینی تورکیا دەکەین و لە تورکیاش دەخوازین بە زوترین کات، هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە دەستنیشان بکەن و تاوانبارانیش روبەڕوی دادگا بکرێنەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەی دا ڕاشیگەیاندووە: بە داخێکی زۆرەوە، دوێنێ شەو لە ڕێگەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای ماردین لە تورکیا، لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر چەند هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان، چوار کەس گیانیان لە دەست داو یەکێکیش بریندار بوو. پرسە و سەرەخۆشی قوڵی خۆم بە بنەماڵە و کەس و کاریان دەگەیەنم و هاوخەمیانم . هیوای چاکبونەوەی خێراش بۆ بریندارەکە دەخوازم.

بەڕێزی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کاتێکدا بە توندی ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەم، داوا لە حکومەتی تورکیاش دەکەین کە بە زووترین کات، هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە دەستنیشان بکات و تاوانبارانیش ڕوبەڕوی دادگا بکرێنەوە.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی تورکیا، پێنج ھاوڵاتیی کوردی عێراقی لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کەوتنە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجام دا چوارکەسیان کوژران و یەک کەسیشیان بە توندی بریندار بوو.

سەرپەیڤ