کەشناسی: بارستە هەوایەکی ساردتر ڕوو لە هەرێم دەکا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردووەتەوەو ڕایگەیاندووە: لە ئێستادا بارستە هەوایەکی ساردتر کار لە کەشی ناوچەکەمان دەکات و پلەکانی گەرماش رووی لە نزمبوونەوەیه.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە ئاسمان هەوری باراناوی پێیەو لە زۆربەی کاتەکاندا ھاوڕێی بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت، بەڵام لە دوانیوەرۆوه لە ناوچەکانی هەڵەبجە و گەرمیان و باشووری هەولێر و ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی سلێمانی ریژنه و لیزمەی باران تێکەڵ بە هەورە تریشقە بووەو ئەو ناوچانەی داگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە ئاسمان هەوری باراناوی پێیەو لە زۆربەی کاتەکاندا، ئاستی باران مامناوەندە لە تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، لە سات و کاتی شەودا هاتنی بارستە هەوایەکی ساردتر کار لە کەشی ناوچەکەمان دەکات و پلەکانی گەرما پتر رووی لە نزمبوونەوە ناوه و بەفر ناوچە شاخاوی و نیمچە شاخاوییەکانی داگرتووە.