ئاگرکەوتنەوە لە ھوتێلێکی شاری ھەولێر
وته‌بێژی به‌رگریی شارستانیی هه‌ولێری ناوەندی ھەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: ئاگرێک له‌نهۆمی شه‌شه‌می یه‌کێک له هۆتێله‌کانی شه‌قامی سەد مه‌تریی شاری ھەولێر که‌وته‌وه، کە ھەڵبەت دوای گه‌یشتنی تیمه‌کانییان توانرا له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا ئاگره‌که کۆنتڕۆڵ بکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «سه‌رکه‌وت کاڕه‌ش» وته‌بێژی به‌رگریی شارستانیی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی شه‌ممه له‌سه‌ر شه‌قامی سەد مه‌تریی شاری هه‌ولێر له هۆتێلی (شمێسانی) ئاگرێک که‌وته‌وه کە ھەڵبەت دەستبەجێ پاش گه‌یشتنی تیمه‌کانمان ده‌ستبه‌جێ هه‌وڵه‌کانیان خسته‌گه‌ڕ به‌مه‌به‌ستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگره‌که.
وتیشی، ئاگره‌که له‌یه‌کێک له ژوره‌کانی نهۆمی شه‌شه‌م که‌وتبووەوە، به‌هۆی فراوانیشیه‌وه سێ ژوری هه‌مان نهۆم و راڕه‌وی به‌رده‌م ژوره‌کانی نهۆمی حه‌وته‌م سوتان، به‌ڵام تیمه‌کان رێگربوون له‌وه‌ی زیاتر ته‌شه‌نه بستێنێت و توانیان کۆنتڕۆڵی بکه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، له‌ڕووداوه‌که‌دا ته‌نها که‌سێک توشی ھەناسەبڕکێ بوو کە به‌په‌له گه‌یه‌ندرایه نه‌خۆشخانه، که‌سێکی دیکه‌ش له‌ناو ئاسانسۆری هۆتێله‌که گیری خواردبوو کە توانرا ئەویش به‌سه‌لامه‌تی رزگاربکرێت.
سه‌باره‌ت به‌زیانه‌کانیش، «سه‌رکه‌وت کاڕه‌ش» ئاشکرای کرد، زیانه‌کان به‌گشتی ته‌نها ماددیی بوون، له‌ئێستاشدا تیمه‌کانمان له‌هۆتێله‌که‌ن به‌مه‌به‌ستی زانینی هۆکاری سه‌ره‌کیی که‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه یاساییه‌کان.