شوبات 05, 2023 17:00 Asia/Tehran
  • پەرلەمانتارێکی کورد: لە بەر ھەڵکشانی نرخی دۆلار داھاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ٤٥ ملیار دینار زیادی کردووە

پەرلەمانتارێکی ھەرێمی کوردستان باسی زیاد بوونی داھاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات و کەچی باری گوزەرانی خەڵک و بە تایبەت کارمەندان ھیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەھاتووە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «عەلی حەمەساڵح» ئەندامی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان باسی ھەڵکشانی داھاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات لە بەر ھەڵکشانی نرخی دۆلار لە ھەمبەر دیناردا و ئەمەش لە کاتێکدایە کە باری گوزەرانی خەڵکی ھەرێم ھیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەھاتووەو تەنانەت موچەش وەک پێویست بۆ کارمەندان خەرج ناکرێت و بەردەوام بە نیوەچڵی و یان دئواکەوتن دەیاندرێتێ.

«عەلی حەمەساڵح» لە ئەنجامی ھەڵسەنگاندنێک بۆ داھاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەو ئەنجامە گەییشتووە کە، لە ئاکامی گران بوونی نرخی دۆلار داهاتی حکومەتی هەرێم نزیکەی ٤٥ ملیار دینار زیادی کردووە.

عەلی حەمەساڵح وتوویەتی: داهاتی نەوتیش کە دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی بە گومرکی ئیبراهیم «خەلیل»یشەوە هەر بە دۆلارە.

بە قسەی ئەم ئەندام پەرلەمانەی ھەرێم، داهاتی نەوت و ئەو دەروازەیە نزیکەی ٤٥٠ ملیۆن دۆلارە کە لەلایەن RT بانکەوە دەکرێتە دینار.

پەرلەمانتاری سەربە بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستووەتەڕوو کە، ئەگەر وای دابنێین لەهەر ١٠٠ دۆلارێکدا بەتێکڕا (١٠ هەزار دینار) زیاد بووە، کەوا بوو ٤٥ ملیار دینار بۆ داهاتی حکومەت زیاد بووە.

ھەڵسەنگاندنەکانی ئەم پەرەمانتارە کوردە بۆ داھاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ھەتا بڵاو بوونەوەی ئەم ھەواڵە موچەی مانگی رابردووی کارمەندان و موچەگرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە.

سەرپەیڤ