سەرهەڵدانی ناکۆکی نوێ لەنێوان پارتی و یەکیەتی پێش بە بەڕێوەچوونی دوویەمین کۆبوونەوەی نێوانیان دەگرێ
ئەندامێکی باڵای یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان پێی داگرت کە سەرهەڵدانی ناکۆکیی نوێ لەنێوان دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان بەردەگرێ بە بەڕێوەچوونی دووھەمین کۆبوونەوەی نێوانیان لە سلێمانی.
«غیاس سوورچی» لەوتووێژێک دا لەگەڵ هەواڵدەریی فوڕات نیوز وتی: وا چاوەڕوان دەکرا شاندەکانی پارتی و یەکیەتی ڕۆژی ڕابردوو دووھەمین کۆبوونەوەی خۆیان لە شاری سلێمانی بەڕێوە بەرن بەڵام سەرهەڵدانی ناکۆکیی نوێ لەنێوان ئەو دوو پارتە سەرەکیەی هەرێمی کوردستان بەری گرت بە بەڕێوەچوونی دووھەمین کۆبوونەوەی نێوانیان.
سوورچی هەروەها وتی کە ئەو ناکۆکیانە لەبەرتۆمەتبارکردنی یەکیەتی لەلایەن هێندێک لە ماڵپەڕەکانی سەربە پارتییە کە گوایە ئەوان دەستیان هەبووە لە دەرکردنی بڕیاری ئەمدواییانەی دادگەی فیدڕاڵ سەبارەت بە بەڕێ نەکرانی دراڤ بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەرئەوەش بۆتە هۆی پەرەگرتنی ئەو ناکۆکییانە.
ناوبراو وێڕای دەربڕینی ئەوەی کە یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان هیچ دەستێکی نەبووە لە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی عێراق دا وتیشی چارەسەریی ناکۆکی نێوان ئەو دوو پارتە پێویستی بە بەڕیوەبردنی کۆبوونەوەی جۆربەجۆرە.