شوبات 23, 2023 14:16 Asia/Tehran
  • پارتی بەبێ ئاگاداریی ھاوبەشی حکومەتەکەی شاند ڕەوانەی بەغدا دەکاتەوە

بەبێ بەشداریی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە پارتی بە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی و پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەگەڵ حکومەتی عێراق، بە دو شاندەوە سەردانی بەغدا دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی سەربە یەکێتیی نیشتیمانی، بەبێ بەشداریی تیمی وەزاریی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان لقی پارتی بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی و پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەگەڵ حکومەتی عێراق، بە دو شاندەوە دەچێتەوە بەغدا.

لەم پەیوەندییەدا «دارا سێکانیانی» ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لە ساڵانی پێشوتریشدا کە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەسەر بودجە رێککەوتنیان دەکرد، بەهۆی پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکانەوە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان باجەکەیان دەدا، بۆیە باوەڕی وایە باشترین رێگە لەبەردەم حکومەتی هەرێم ئەوەیە ھەڵس و کەوتێکی ڕێک و پێکی لەگەڵ بەغدا ھەبێت و حکومەتی فیدڕاڵیش بەهەمان شێوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە رابردوودا کە هەموو لایەنەکانی کوردستان بەیەکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا دەکرد رێککەوتنەکانی جێبەجێ نەکراون، چ جای ئەوەی کە لە سەردانی ئەمجارەی حکومەتی هەرێم، تیمی یەکێتی بەشدار نییەو دیارە ئەوەش کاریگەری لەسەر گفتوگۆکان دەبێت، چونکە یەکێک لە کێشەکان کە لە رابردودا زیانی گەورەی لەپێگەی کورد و هەرێم داوە ئەو پەرتەوازەییە بووە.

لەماوەی دە رۆژی رابردوودا، شاندێکی حکومەت کە وەزیرێکی گۆڕان و وەزیرەکانی پارتی تیایدا بەشدارن و، پێکهاتون لە وەزیرانی دارایی، کارەبا، سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وتەبێژی حکومەتی هەرێم دوجار سەردانی بەغدایانکردوە و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت کۆبوونەتەوە.

سەرپەیڤ