سودانی: بەغدا سوورە لە سەر کۆتایی هێنان بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر
ئەمڕۆ «محەمەد شیاع سوودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری کردو لەگەڵ «مەسروور مەسعود بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوەو دووپاتی لەوە کردەوە کە حکومەتەکەی خواست و ویستی رژدی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان وەک لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی راگەیاندنی «سودانی»دا هاتووە، ڕۆژی سێشەممە لە میانی سەردانێکی بۆ هەرێمی کوردستان، «سودانی» لە هەولێر چاوی بە «مەسرور مەسعود بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کەوت و لە دیدارەکەدا باسی ژمارەیەک دۆسیە و خاڵی هاوبەش کرا، دووپاتیشیان لە کارکردنی هاوبەش و هاریکاری بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی بەغدا و هەولێر کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە، حکومەت سوورە لە سەر کۆتایی هێنان بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان بەشێوەیەکی ریشەیی ، جیا لە گەییشتن بە دۆخێکی کاری هاوبەش و هەلی ئابووری، بەشێوەیەک کە سوود و خێروبێرەکەی گەلی کوردستان و هەموو پارێزگاکان بگەڕێتەوە.
لای خۆیەوە «مەسرور کەسعود بارزانی» سەرۆک حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا سووربوونی حکومەتەکەی لەسەر بەردەوامیی وتوێژەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دووپات کردەوە کە پێشەوەچوونی بەخۆیەوە بینیوە و بووە هۆی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەو هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکییەکان.
ھەروەھا ستایشی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی لەمەڕ بە پارێزگەکردنی شارۆی هەڵەبجەش کرد، لە ساڵوەگەڕیی کیمیابارنکردنی شارەکە لەلایەن رژێمی سەددامەوە.