ئادار 15, 2023 20:20 Asia/Tehran
  • «بافڵ تاڵەبانی» پێشوازیی لە «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق کردو پێکەوە کۆ بوونەوە

«بافڵ تاڵەبانی» سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی عێراق لە دەباشان پێشوازی لە «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندەکەی یاوەری کردو لە کۆبوونەوەیەک دا جەختی لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی سەربە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق ، ڕۆژی چوارشەممە  «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەشداری لە دیدارەکەی سلێمانی گەییشتە ئەم شارەو لە لایەن «بافڵ تاڵەبانی» سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.

لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندەکەی یاوەری کە بڕیاردەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیش ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکانی هەرێم و عێراق کرا و جەخت لە پشتیوانیکردنی پڕۆژەی نیشتمانیی عێراق کرایەوە کە خۆی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، چەسپاندنی یاسا و سەقامگیری دا دەبینێتەوە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا «بافڵ تاڵەبانی» سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد لەبەرامبەر تەواوکردنی رێکارە فیدراڵییەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و وتی: ئەمە سەرەتایەکی گرنگ دەبێت بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجەییەکان و واش ھەڵدەگرێ کە حکومەتی عێراق مافە یاسایی و دەستوورییەکان بەرامبەر هەڵەبجە جێبەجێبکات.

لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەش، «بافڵ تاڵەبانی» وتی: هەنگاوێکی گرنگە و پێویستە سەقامگیریی ئابوری و ژیانی هاوڵاتییان پارێزراوبێت.ئینجا پەرۆشیی یەکێتیی نیشتمانیی بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت دووپات کردەوە بە شێوەیەک کە خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشی خەڵک بکرێت و وتیشی، جەخت لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەکەینەوە بە شێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد پارێزراوبن. وتیشی، پێویستە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زاڵبکرێن و هەمووان بە ئاراستەی ئاوەدانی و سەقامگیری هەنگاوبنێن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای ستایش کردنی «بافڵ تاڵەبانی» و یەکێتیی نیشتیمانی لە بەرامبەر رۆڵ و هەڵوێستی سیاسیی ئەرێنییان لە عێراق و سەرخستنی بەرنامەکانی حکومەت، رایگەیاند، ئەو میراتە دەوڵەمەندەی «جەلال تاڵەبانی» بەجێی هێشتووە بەرپرسیارێتییەکی مەزن و گرنگە تا هەموولایەک پێوەی پابەندبن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی: سەقامگیریی سیاسیی عێراق بە سەقامگیریی سیاسیی هەرێمەوە بەستراوە و ئەرکی حکومەتیشە خزمەتی هەمووان بکات و پرۆسەی چاکسازی بەردەوامیی هەبێت.

سەرپەیڤ