بەرھەم ساڵح:گرنگە لەم دەرفەتەدا ئاوڕێک لە 20 ساڵی رابردوو بدەینەوە
سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق لە وتاری دەستپێکی دیداری سلێمانی ڕایگەیاند: گرنگە لەم دەرفەتەدا ئاوڕێک لە 20 ساڵی رابردوو بدەینەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لەمیدیاکانی سەربە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق،«بەرھەم ئەحمەد ساڵح» سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق،لە وتاری دەستپێکی کارەکانی دیداری سلێمانی کە ڕۆژی چوارشەممە بە دروشمی (پاش 20 ساڵ عێراق و ناوچەکە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکان) بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند: ئەم دیدارەمان لەکاتێکدا دەبەستین 20 ساڵ بەسەر راماڵینی رژێمی عێراق تێپەڕیوە، سبەینێش یادمانی هەڵەبجەیەو گرنگە لەم دەرفەتەدا ئاوڕێک لە 20 ساڵی رابردوو بدەینەوە.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە:هیوادارم ئەم دوو رۆژەی دیداری سلێمانی، دەرفەتێک بێت بۆ باسکردن و بەدواداچونی کۆمەڵێک لەو پرسە گرنگانەی رووبەڕووی وڵاتەکەمان و چاوەڕوانی خەڵکی ئەم نیشتمانە دەبنەوە، دڵنیام لەکەشوهەوایەکی ئازادی دڵسۆزانە، ئەم پرس و باسانە دەکرێن و دەخرێنە خزمەتکردنی کۆی تێگەییشتن لەدۆخی کوردستان و هەم عێراق و ناوچەکە و هەوڵدان بۆ سازدانی توانا و وزەکان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک.
«بەرهەم ساڵح» ئەوەشی خستەڕوو، ئەم دیدارەمان لەکاتێکدا دەبەستین 20 ساڵ بەسەر راماڵینی رژێمی پێشوتری عێراق تێپەڕیوە، سبەینێش یادمانی هەڵەبجەیەو گرنگە لەم دەرفەتەدا ئاوڕێک لە 20 ساڵی رابردوو بدەینەوە.
دیداری سلێمانی بە دروشمی (پاش 20 ساڵ عێراق و ناوچەکە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکان)، ئەمڕۆ چوارشەممە و سبەی پێنجشەممە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.