ڕاپێچ کرانی ھەشت تیرۆریست لە لایەن دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھەشت تیرۆریستی بەڕەگەز عەرەبی داواکراوی کە لە پارێزگای سلێمانی خۆیانیان حەشاردابوو ، ڕاپێچ کرد.
بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕۆژی دوشەممە رایگەیاند: هێزەکانیان لە چەند هەڵمەتێکی جیادا هەشت تیرۆریستی داعشیان لە سلێمانی دەستگیر کردووە کە بە مەبەستی خۆحەشاردان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو.
بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر بنەمای هەماهەنگی و هەواڵگری بەهاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق زانیاری دروست بەدەستهات لەسەر ژمارەیەک تیرۆریستی داعشیی لەیاسا هەڵهاتوو کە بەمادەی چواری تیرۆر داواکراوبوون و بەمەبەستی خۆحەشاردان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە سنوری پارێزگای سلێمانی نیشتەجێ بوون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای رەزامەندی دادوەری ئاسایش، لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەسەر ئەم کەیسە دەستی پێ کرد و دوای چەندین رۆژ بەدواداچوون سەرئەنجام شوێنی مانەوەی داواکراوەکان دەستنیشانکران و خرانە ژێر چاودێریی هێزەکانمانەوە.
ئەوەشی خستەڕو، پاش دڵنیابوونەوە لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە شەوانی (١٥ و ١٦ و ١٧، ٢٣، ٢٤، ٢٦، ٢٧)ی ئازاری ٢٠٢٣ هەر هەشت تیرۆریستی تۆمەتبار کە بەرەگەز عەرەب بوون دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم باسی لەوەشکردووە، بۆ هەمولایەکی رون دەکەینەوە لەبەرسەلامەتیی رەوتی لێکۆڵینەوەکان بەشێک لە زانیارییەکان بە نهێنی هێڵدراونەتەوە و سەرجەم دەستگیرکراوەکان روبەڕوی دەسەڵاتی دادوەری کراونەتەوە.