ئادار 31, 2023 19:47 Asia/Tehran
  • بڕیار ڕەشید: جگە لە موچە دەبێت بەغدا پارەیەکی دیکە بۆ هەرێم بنێرێت

پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاندووە، ئەگەر بەغدا سووربێت لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان لە رێگای سۆمۆوە نەوتەکەی هەناردە بکات، ئەوا دەبێت عێراق بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە بۆ هەرێم رەوانە بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیایەکی ھەرێمی کوردستانی عێراق، «بڕیار رەشید» ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، تێبینییەکی زۆر لەسەر ئەو پڕۆژەیاساییە هەیە کە لە حکومەت پەسەندکراوە و لەم بارەیەوە سوننەکان تێبینیی خۆیانیان هەیە و لەئێستادا سەرۆکی پەرلەمان مۆڵەتی وەرگرتووە بۆ ئەوەی کە پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند نەکرێت.

د. بڕیار ڕەشید ئاشکراشی کرد، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا 12.67% بۆ هەرێمی کوردستان جێگیرکراوە و ئەگەر عێراق سووربێت لەسەر ئەوەی نەوتی هەرێم لە رێگای بەغداوە هەناردەبکرێت ، دیارە دەبێت ئەو کات شاندی هەرێم دانوستان و رێککەوتنی نوێ لەگەڵ بەغدا دەست پێ بکات، بەو پێیەی پێشتر هەرێم رێککەوتنی لەسەر بڕێکی نەوتەکەی کردووە و ئێستا کە «سۆمۆ» بڕیارە نەوتەکەی هەناردە بکات ، دەبێت داواکاریی زیاتر بھێنێتە ئاراوە.

ئەم پەرلەمانتارە کوردە باسی لەوەش کردووە کە، جگە لە شایستەی دارایی فەرمانبەران، دەبێت حکومەتی عێراق بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە بۆ هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکات.

سەرپەیڤ