نیسان 07, 2023 22:15 Asia/Tehran
  • بەرپرسێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی: ھیچ تەقینەوەیەک لە ئارادا نەبووە

بەڕێوەبەری راگەیاندن وپەیوەندیەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕەتی کردەوە کە فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆردومان کرابێت و ڕاشیگەیاند کەھیچ تەقینەوەیەک لە ئارادا نەبووە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ئێوارە ٢٠٢٣/٤/٧ کاتژمێر ٤:١٨ خولەک لە نزیک سیاجی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیی ھەرێمی کوردستانی عێراق ڕووداوێکی نائاسایی قەوما کە ھەڵبەت ھیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا کۆمەڵێک لە میدیا کوردییەکان دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە باسی ئەوەیان کرد کە گوایە فڕۆکەخانەکەی سلێمانی یە ھۆی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە بوردومان کراوەو ئامانجەکەشی تیرۆر کردنی «مەزڵوم کۆبانی» فەرماندەری ھێزەکانی سووریای دیموکرات «ھەسەدە» بووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەوەیان ڕەت کردووەتەوە کە ھیچ بوردومانێک ڕوی دا بێت.

لەم بارەیەوە «دانا محەمەد» بەڕێوەبەری راگەیاندن وپەیوەندیەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاندووە، فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆردومان نەکراوەو هیچ تەقینەوەیەکیش رووی نەداوە. دەشڵێت دەنگۆی ئەوە لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە گوایە فڕۆکەخانەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە بۆردومان کراوە دوورە لە ڕاستیەوە.

سەرباری ئەمەش ئاسایشی سلێمانی باوەڕی وایە کە ئەوەی ڕووی داوە تەقینەوە بووە کە ئاگری لێ کەوتووەتەوە، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووەولێ نەکەوتووەتەوە.

بەرپرسێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند: هیچ تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەکە رووی نەداوە و ڕەتی دەکاتەوە بە درۆن ھێرش کرابێتە سەر فڕۆکەخانەکە ،  ئاسایشی سلێمانیش دەڵێ لە نزیک سیاجی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەک ڕوویدا و تەقینەوەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی فڕۆکەخانە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەی چوار رۆژە تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی داخستووەو لە ئەنجام دا لەسەدا٥٠ گەشتەکانی فرۆکەخانەکە راگیراون.

سەرپەیڤ