نیسان 08, 2023 12:43 Asia/Tehran
  • کاردانەوەکان لە ھەمبەر ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی

سه‌رۆک کۆماری عێراق: ئەگەر ئەم جۆرە ھێرشانەش دوبارە بکرێنەوە، ھەڵوێستێکی توند وەردەگرین، تورکیا دەبێ داوای لێبوردن بکات.

لە بەرامبەر ھێرشەکەی ڕۆژی ھەینی بۆ سەر فڕۆکەخانەی شاری سلێمانیی ھەرێمی کوردستان کەکاربەدەستانی عێراقی تورکیای پێ تاوانبار دەکەن،کاردانەوەو سەرکۆنەکردن ھەروا بەردەوامە.

ھەرلەم پەیوەندییەدا،«ھادی عامری» سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا له‌باره‌ی هێرشکردنه‌ سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی، رایگه‌یاند: بەتوندی سه‌رکۆنه‌ی ھێرشە بێپاساوەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکەین و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاک و ئاسمانی عێراقە، نابێت لەژێر ھیچ پاساوێکدا بێدەنگی لەو دەستدرێژییە ئاشکرایە بکرێت.

هه‌روه‌ها بزوتنەوەی بابلیونیش، لە راگەیەنراوێکدا جەختی کردووە کە،بەتوندی سه‌رکۆنه‌ی ھێرشەکە ده‌که‌ین، دژایەتی خۆمان بۆ ھەر کردەوەیەک رادەگەیەنین کە لە دەرەوەی یاسا و ئیرادەی خەڵک و دژی سەقامگیری و ئاسایشی سلێمانی و عێراق بێت.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراقیش له‌باره‌ی هێرشکردنه‌ سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی، رایگه‌یاندووە: داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین بەرپرسیارێتی ھەڵبگرێت و داوای لێبوردنێکی فەرمی لەو کردەوانە بکات و ئەو ھێرشانە بوەستێنێت و کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکات.

«لەتیف ڕەشید» سەرۆک کۆماری عێراق وتووشیەتی: ئەگەر ئەم جۆرە ھێرشانە دوبارە بکرێنەوە، ھەڵوێستێکی توند وەردەگرین بۆ ڕێگریکردن لە دوبارەبونەوەی لە داھاتودا.

مه‌زڵوم کۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌کانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) ش کە وەک ئامانجی سەرەکیی ئەو ھێرشانەی سەر فڕۆکەخانەکەی سلێمانی باسی دەکرێت، بەبێ ئەوەی ئەو جۆرە بۆچوونە پشتڕاست بکاتەوە ئەمڕۆ شەممە له‌ تویتێکدا رایگه‌یاند:بە توندی سه‌رکۆنه‌ی کردنە ئامانجی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە دەکەین، ئەم پێشێلکاریانە لە عێراق و سوریا بەردەوامن و رەهەندی جددییان هەیە بەرامبەر ناوچەکە.

سەرپەیڤ