May 04, 2023 21:42 Asia/Tehran
  • تاڵەبانی:ئامادەین لەپێناو چارەسەرکردنی هەموو ئەو خاڵانەی مایەی ناکۆکین لیژنەی هاوبەش پێک بهێنین

«قوباد تاڵەبانی» جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: ئامادەین لەپێناو چارەسەرکردنی هەموو ئەو خاڵانەی مایەی ناکۆکین لیژنەی هاوبەش پێک بهێنین.

ڕۆژی پێنج شەممە «قوباد تاڵەبانی» جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ  «باربارا لیف» یادریدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: کێشە ناوخۆییەکان مەترسیی بۆسەر پێگەی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و پێویستە هەموولایەکمان بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان بدەین و نابێت ململانێی سیاسی و حیزبی بگاتە ئاستی بەزاندنی هێڵە سورە نیشتیمانییەکان و بە تایبەتیش لاوازکردنی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی عێراقدا. 

وتیشی: پێشوازی لە هەرجۆرە دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئامادەین لەپێناو چارەسەرکردنی هەموو ئەو خاڵانەی مایەی ناکۆکین لیژنەی هاوبەش پێک بهێنین. 

«تاڵەبانی» ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ماوەی ساڵانێکی زۆر لە ناسەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و ئابووری و هەروەها ململانێ و ناکۆکیی سیاسی و حیزبیی ناپێویست، عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستییان بە قۆناغێکی درێژی سەقامگیری و ئارامییە ھەتا بتوانین پێکەوە کار لەسەر گەشەسەندنی ئابووری و بووژانەوەی بازاڕ بکەین.

سەرپەیڤ