May 05, 2023 14:22 Asia/Tehran
  • هەرێمی کوردستان بەرەوڕووی شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین دەبێتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی باسی ئەوەی کردووە کە لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «ئاراس جەبار» شارەزای بواری کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی لەبارەی کەشوهەوای سبەینێ شەممەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە، ئاسمانی هەرێم بەگشتی ساماڵ دەبێت و لە کاتەکانی شەودا بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو، لەگەڵ بارینی نمە باران لە ھەندێک لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک. 

بە قسەی ئەم شارەزایەی بواری کەشناسی ، لە ئەنجامی کاریگەریی ئەو بارستە ھەوا گەرمەی لە ئەمڕۆوە ڕووی کردووەتە ناوچەکانمان، سبەینێ پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ سێ تا چوار پلەی دیکە بەرزدەبێتەوە، خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت، واتە (١٠ - ١٥) کیلۆمەتر بە ئاراستەی باکووری ڕۆژهەڵات. 

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی لە کۆتایی بۆچوونەکانی دا پێشبینیی ئەوەشی کردووە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات.

سەرپەیڤ