یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و جێگرەکەی دوای ماوەیەک دابڕان
مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی رۆژی دووشەممە لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و لەبارەی کێشەکانی نێوانیان گفتوگۆیان کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق، بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی نێوان «مەسرور بارزانی» سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و «قوباد تاڵەبانی» جێگرەکەی، لە دانیشتنەکەدا هەردووک لا کۆک بوون لە سەر چارەسەریی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ، ئەوەش دوای حەوت مانگ لە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی دوشەممە «مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە «قوباد تاڵەبانی»ی جێگری سەرۆکی حکومەت کردو لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا و هەردووک لا کۆکبوون لە سەر چارەسەریی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکەدا، هەروەها تیشک خرایە سەر دوا دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکە و جەخت لە سەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی کرایەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و مافە دەستورییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.