حوزه‌یران 02, 2023 13:00 Asia/Tehran
  • پارێزگاری هەولێر: پێشوازیی لە ئامادەبوونی وەبەرهێنەرانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دەکەین

ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە ئامادەبوونی وەبەرهێنەرانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق پێشوازیی کرد

بە پێی ڕاپۆرتی پەیامنێرەکەمان لە شاری ورمێ ، «ئومێد عەبدولڕەحمان خۆشناو» پارێزگاری هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە، لە یەکەمین کۆبوونەوەی پارێزگارەکانی ناوچە سەرسنوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ورمێ، بە ئاماژە بەوەی کە کردنەوەی بازاڕی هاوبەش لە تەمەرچین و شارۆچکە پیشەسازییە هاوبەشەکان دەتوانێت پەیوەندییە بازرگانییەکان بەهێزتر بکات، وتیشی: پێشوازی لە سەرمایەگوزارییە هاوبەشەکان و بوونی کۆمپانیا گەورەکانی ئێران لە ھەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین و ئامادەشین سنووری هاوبەشی نوێ لە «شنۆ» بکەینەوە بۆ دامەزراندنی ڕێڕەوێکی نوێی ئاڵووێری بازرگانی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق.

پارێزگاری هەولێر، وێڕای ئاماژە کردن بە ڕاگیرانی هێڵی ئاسمانیی ورمێ – هەولێر، داوای کردنەوەی ئەم هێڵە ئاسمانییەی کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەکان و وتیشی: وەک ھەرێمی کوردستان ئامادەی وەرگرتنی نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەسین لە ماوەی ئەمساڵدا بۆ گەشت کردن بەرەو کەربەلا لە ڕۆژانی ئەربەعینی حسێنی دا.

هەروەها لەم دیدارەدا قایمقامەکانی «ڕاپەڕین»، «گەرمیان» و «سۆران»ی هەرێمی کوردستانی عێراقیش جەختیان لە کارلێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نێوان  هەرێم و کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە.

لەم بوارەدا «هیوا قەرەنی» قایمقامی «ڕاپەڕین» ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو لە یاداشتنامەی لێکگەییشتن کە واژۆی پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوای لەسەر بوو، ھەلی هاتوچۆی گەشتیاران لە سنووری کێلێی سەردەشتەوە ڕەخسێندراو چالاکییە بازرگانییەکانیش فراوانتر کران.

هەروەها شێخ «جەلال شێخ نووری» قایمقامی «گەرمیان»یش لەم دیدارەدا وتی: داخوازیی ئێمە لە گەرمیان ئەوەیە کە هەم هەناردەکردن و هەم هاوردەکردنی کاڵا لە سنووری «پەروێزخان» ئەنجام بدرێت.

ئەمەو قایمقامی «سۆران» «هەڵگورد نەجیب»یش جەختی لەوە کردەوە کە: ئەم ناوچەیە بە ٤٥٠ هەزار حەشیمەتەوە یەکێکە لە جوگرافیا ھەرەباشەکان بۆ کارلێک و ھەڵس و کەوتی بازرگانی لەگەڵ ئێران.

سەرپەیڤ