حوزه‌یران 13, 2023 08:28 Asia/Tehran
  • مانگانە بەغدا پارەیەکی زۆر بۆ هەرێم دەنێرێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: بەپێی یاسای بودجە، مانگانە لە بەغداوە بڕی ٧٧٥ ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت.

«خەلیل غازی» ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتیی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی  مانگانە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ڕێژەی موچەی فەرمانبەران و داهات و پرۆژەکان دیاری بکەن، شایستە داراییەکان بە شێوەی مانگانە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی سەبارەت بە دامەزارندنی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە پڕۆژەیاسای بودجەش وتی: هەرکاتێک باسی دامەزراندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەکەین ئەوان تەنیا باس لەو بڕە بودجەیە دەکەن کە وەک پشکی هەرێمی کوردستان دانراوه.

بەرەبەیانی  دوینی  پەرلەمانی عێراق سەرجەم مادەکانی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکرد، کە بۆ هەر ساڵێک نزیکەی ١٩٩ ترلیۆن دینارە و پشکی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی (١٦) ترلیۆن دینار دەبێت.

سەرپەیڤ