نێچیرڤان بارزانی: دەبێ هێزەکانی سەر بە پەکەکە و هەموو ئەو هێزانەی لە دەرەوە هێنراون، شەنگال بەجێبێڵن
سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێڕاق رایگەیاند، جێبەجێ کردنی رێککەوتنی شەنگال ڕێگە دەکاتەوە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی شنگال و ناوچه‌که، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بە ئاسودەیی لە شەنگال و ده‌وروبه‌رى بژیت.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە یادی نۆ ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە هەولێر، رایگەیاند: "یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزدییان، یادکردنەوەیەکی زۆر جیاواز و تایبەتە، چوونکە ئەو جینۆساید و کارەساتە بەلای منەوە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ و پیاوانی رفێندراوی ئێزدی، بێسەروشوێنن، تاکوو یەک رفێندراوی ئێزدی مابێت، تاوانەکە کۆتایی نەهاتووە و لێکه‌وته‌کانى تاوەکوو ئه‌مڕۆش خه‌م و ژان و ئازار بۆ ئێزدییان و گه‌لى کوردستان به‌گشتى، له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنن".
بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمان و حکوومه‌ت و رێکخراوانە دەکات لە جیهان، کە کارەساتی شەنگالیان وەک جینۆساید پەسندکرد و به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت، یارمه‌تیى ئێزدییان ده‌ده‌ن، دواهه‌مینیان حکوومه‌تى بەریتانیا بوو که رۆژى یه‌کى ئه‌م مانگه کاره‌ساتى ئێزدییانى به جینۆساید ناساند.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "رۆژی ۳ـی ئاب فەرمانێکی دیکەی رەش بەسەر ئێزدییاندا هات و کارەساتێکی دیکە چووە مێژوی گەلی کوردستانەوە که هیچ که‌س باوه‌ڕى نه‌ده‌کرد له سه‌ده‌ى ۲۱ـدا تاوانکارییهکى ئاوا دڕه‌نده دژ به مرۆڤ ئه‌نجام بدرێت، کارەساتی ئەم جارە زۆر ناخهەژێن بوو، دڵی هەمو کەسێکی لە کوردستان ئازاردا، چوونکە داعش بەوپەڕی دڕندەیی، ژن و منداڵی ئێزدی رفاند و کڕین و فرۆشتنی پێوەکردن، ده‌ستى له سه‌ربڕین و کوشتنى مرۆڤ و سووتاندن و رووخاندنى ماڵ و پهرستگەکانى ئێزدییان نه‌پاراست، ئەم تاوانە، تاوانێکى بێهاوتاى سه‌رده‌م بوو".
ئەوەشی خستەڕوو، "لە ئەنجامی ئەم وەحشگەرییەی داعشدا، زیاتر لە ۵۰۰۰ ئێزدی لەلایەن داعشەوە شەهیدکران، له‌وانه ۴۰۰ کەس پێکەوە لە گوندی کۆجۆ کۆمەڵکوژ کران. تا ئێستا ۸۳ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، هەروەها هێشتا ۱۳۵ هەزار ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکان لەژێر خێوەت و له دۆخێکى سه‌ختدا دەژین، ۱۸۹ هەزاریش لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە دوای دەربەدەربوونیان لە دەڤەری شه‌نگال.
هەروەها ۲۷۴۵ منداڵ بەهۆی هێرشی داعشەوە بێ دایک و باوک بوونە، ئه‌مه جگه لە هه‌زاران ئێزدیى دیکه که ئاواره‌ى ئه‌ورووپا و وڵاتان بوون و له خاک و وڵات و که‌سوکاریان دابڕان".
سەرۆکی هەرێم وتیشی، "بەداخەوە تا ئێستا ۱۲۴۴ کچ و ژن و ۱۴۰۲ پیاو و گەنجی رفێندراوی ئێزدی بێسەروشوێنن، تاکوو ئێستا ۱۲۰۸ ژن، ۳۳۹ پیاو، ۲‌۰۲۳ منداڵ رزگار کراون، تاکوو یەک رفێندراوی ئێزدی مابێت، ئەو بەشەی نووسینگەکەم هەر دەمێنێت و بەردەوام دەبێت لە دۆزینەوە و رزگارکردنی رفێندراوان".
لەبارەی بارودۆخی ئێزدییان لە دەڤەری شه‌نگال هۆشداریدا و وتی، "بارودۆخیان زۆر خراپە، لەبەرئەوەش زۆر لەو خێزانانەی گەڕانەوە بۆ شنگال جارێکی دیکە بە ناچاری شنگالیان بەجێهێشتەوە، بەهۆی کەمیی خزمەتگوزارییەکان، نەبونی ئاسایش و ئارامى و نەبوونی دەرفەتەکانی کار".
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "زۆر پێویستە حکوومەتی عێراقى فیدراڵى بایەخێکی تایبەت بە خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال بدات که زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکە زیانمەنده لە هێرشی داعش، چوونکە لە شنگال جگە لە خانوبەرە و جادە و بان، خێزان و کۆمەڵگه‌ش تێکدرا، ئەنفالێکی گەورەی خەڵکی شەنگال کرا، زامێکى قوڵ له گیان و ده‌رونى ئێزدییان و خه‌ڵکى شنگالدا کرایه‌وه، که هه‌رگیز به ئاسانى ساڕ‌ێژ نابێت و یارمه‌تى و هاوکاریى هه‌موومانى پێویسته".
سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێڕاق وتیشی، "جێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال ڕێگە دەکاتەوە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی شنگال و ناوچه‌که، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بە ئاسوودەیی لە شەنگال و ده‌وروبه‌رى بژیت، دەبێت هەموو ئەو هێزانەی خەڵکی شنگال نین ناوچەکە بەجێبێڵن و بەڕێوەبردن و پاراستنی شنگال بدرێتە دەست خەڵکی دەڤەری شەنگال و دەسەڵاتێکی یاسایی، دەبێ هێزەکانی سەر بە پەکەکە و هەموو ئەو هێزانەی لە دەرەوە هێنراون، ناوچەکە بەجێبێڵن، ئه‌و هێزانه ته‌نها به‌ڵا و نائارامى و ناسه‌قامگیرى بۆ شەنگال و ئێزدییان دروست ده‌که‌ن و برینه‌کانیان قووڵتر ده‌که‌نه‌وه".
بەرەبهیانیى ۳‌ی ئابی ۲۰۱۴ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و ئێزدییەکان بەفریای راکردن و بەجێهێشتی ناوچەکەیان نەکەوتن هه‌زارانیان رفێندران و بێسه‌روشوێن کران، ئەو کارەساتەش هێشتا بەردەوامی و هەیە و هەزاران ژن و کچ رزگارنەکراون و چارەنووسیان نادیارە.