ئه‌یلوول 10, 2023 19:44 Asia/Tehran
  • سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ سەرۆكی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ئێران كۆبۆوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی لە تاران لەگەڵ محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ئێران کۆبووەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، یەکێتی بە ئیرادەیەکی بەهێز و سەربەخۆوە درێژە بە هەمان سیاسەتی سەردەمی مام جەلال دەدات و سەرۆكی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ئێرانیش رۆڵی مام جەلال و یەكێتی بەرز دەنرخێنێت.

لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێم و بەتایبەت یەکێتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لێکرایەوە و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پاراستنی ئاسایش و هەماهەنگیی کەلتووری گفتوگۆی لەبارەوەکرا.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ئێران ستایشی رۆڵی جەلال تاڵەبانی کرد لە بونیادنانی عیراقی نوێ و پاراستنی تەبایی و پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا. وتیشی، یاد و یادەوەریی مام جەلال هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە و ئێستاش یەکێتی بەهەمان رۆحییەتەوە درێژە بەو سیاسەتە تەندروستە دەدات، کە بێگومان هێزێکی کاریگەرە و رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

بافڵ جەلال تاڵەبانیش ئاماژەی بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکاندا بەردەوامە، هیوادارم هەموومان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاوبنێین و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە کاری لەپێشینەمان بێت.

لە كۆبوونەوەكەدا رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئامادەبوون.

 

 

 

سەرپەیڤ