ئه‌یلوول 11, 2023 20:35 Asia/Tehran
  • سێ ناوچەی ھەرێم مەترسیی بە بیابانبوونیان لەسەرە

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستانی عێراق، عەبدولڕەحمان سدیق ڕایگەیاند کە داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ھاوکارییان بکەن لە سەوزکردنی سێ ناوچەی ھەرێمی کوردستانی عێراق ، چونکە مەترسیی بە بیابانبوونیان لەسەرە.

دوێنێ یەکشەممە، ڤۆڕکشۆپێکی ئامادەکاری لە ھەولێر، بۆ کۆنفڕانسی گۆڕانی ئاووهەوا کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە شاری دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەبچێت، ئەنجام درا.

عەبدولڕەحمان سدیق لە میانی ڤۆڕکشۆپەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە ھەرێمی کوردستانی عێراق لە بواری پاراستنی ژینگەدا، دەستکەوتی باشی بەدەستھێناوە کە لەناوچەکانی دیکەی عێراق بەدەست نەھاتوون لەوانە، بەکارھێنانی غازی ھاوەڵ بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا و سوودوەرگرتن لە وزەی پاک بۆ ھەمان مەبەست.

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستانی عێراق ، باسی لەوەیش کرد کە لە ئێستادا، ئامارێکی دیاریکراو بۆ ھەبوونی رێژەی بە بیابانبوون لە ھەرێمی کوردستانی عێراق لە بەردەستدا نییە و گوتی: “داوامان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ھاوکارمان بکەن لە سەوزکردنی ناوچەی گەرمیان، باشووری دھۆک و ڕۆژئاوای ھەولێر، چونکە مەترسیی بە بیابانبوونیان لەسەرە.”

عەبدولڕەحمان سدیق لەبارەی ھەماھەنگی نێوان دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستانی عێراق و وەزارەتی ژینگەی عێراق، گوتی: ” ئێمە و وەزارەتی ژینگەی عێراق لە ھەموو دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتییەکاندا ھەماھەنگییمان ھەیە، تەنانەت بەرنامەی نیشتمانی بۆ گۆڕانی ئاووهەوا لە ساڵی ٢٠٢٠وە تا ٢٠٣٠ پێکەوە ئامادەمان کردووە و پێکەوە کارمان لەسەر کردووە و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشمان ھەر پەیوەست بوو بەو بابەتە”.

 

 

 

سەرپەیڤ