تشرینی دووه‌م 05, 2023 19:30 Asia/Tehran

کۆمەڵێک لە مامۆستایانی وانەبێژ و میلاک لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، گەرمیان و قەزای کۆیە ئەمڕۆ خۆپێشاندانیان دەستپێکرد و رایانگەیاند، ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، جگە لە مامۆستایانی وانەبێژ و میلاک، ژمارەیەک لە قوتابییانیش بۆ پاڵپشتیی مامۆستایان گردبوونەوە. بە قسەی پەیامنێران : ژمارەی خۆپێشاندەران بەراورد بە خۆپیشاندانەکانی رابردوو کەمترە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر مامۆستا لە گۆڕەپانەکەدان و ژمارەیەکی زۆر قوتابخانەش هەر داخراون.

هاوکات لە سەیدسادق خوێندنی پۆلی 12ـی ئامادەییش دەستی پێنەکردووەتەوە و، گردبوونەوەی بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ و میلاکیش بەردەوامە. هەروەها ئەمڕۆ تەنیا مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەتەوە، بەڵام بەگشتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە کۆی نزیکەی 75 قوتابخانەی ئامادەیی، تەنیا یەک قوتابخانە هەیە کە دەوامی تێدا دەکرێت، ئەویش ئێوارانە.

رۆژی شەممە 4ـی 11-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ڕایگەیاندووە:بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب هیچ مامۆستایەک ناگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەکان؛ تاوەکو داواکانمان جێبەجێ نەکرێن، ناگەڕێینەوە قوتابخانەکان و بایکۆت بەردەوام دەبێت".

13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگای قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە، جگە لە چەند قوتابخانەیەکی ئەو سنوورانە کە دەوامی پۆلی 12ـیان دەستپێکردووەتەوە.

لە سنووری پارێزگەکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرکەی قوتابخانەکان کراوەیە. لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.

سەرپەیڤ