مامۆستایانی ناڕازی لە هەرێمی کوردستان: ژیانمان بە فیڕۆ چوو
مامۆستایانی ناڕازی لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ حەفتا و پێنجەمین جار لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا و بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کەمبوونی مووچەکەیان کۆبوونەوە.
لە شاری سلێمانی دیسان مامۆستایانی ناڕازی هاتنە سەر شەقام و بە بەرزکردنەوەی کارتی سوور ڕایانگەیاند کە هەتا ئەو کاتەی مووچەکەیان هەموو مانگێ لە سەر وادەی خۆی پێنەدرێ و مامۆستایانی وانەبێژ دانەمەزرێن درێژە دەدەن بە ناڕەزایەتی دەربڕینیان.
ئەم ناڕەزایەتییە حەفتا و پێنجەمین ناڕەزایەتی مامۆستایانی سلێمانییە لە ساڵی دووهەزار و چواردە بەم لاوە.
ناڕازییان هەر هەمان داخواز و دروشمی چەن ساڵی رابردوویان هێنایە ئاراوە و کارتی سووریان بەرز کردەوە. ئەوان رایانگەیاند کە مانگرتنەکەیان درێژە پێ دەدەن.
یەکێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی وتی؛ مەسەلەی خوێندن لای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هیچ بایەخێکی نییە و هەر لەبەر ئەوەیشە کە وەڵامدەری داخوازەکانی ئێمە نین، ئێمەیش تا ئەو کاتەی داخوازەکانمان جێبەجێ نەکرێ، بەردەوام دەبین لە سەر بایکۆت کردنمان.