کانونی یه‌که‌م 30, 2023 11:00 Asia/Tehran

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاریی نوێی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و پێی داگرت کە بەبێ ڕێککەوتنی سیاسی چاکسازی لە یاسای بودجە گەلێک ئەستەم دەبێ.

کاروان یاروەیس نوێنەری پەرلەمانی عێراق سەر بە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، ڕایگەیاند کە تا ئەو کاتەی هەولێر و بەغدا دەگەنە ڕێککەوتنێکی سیاسی نوێ سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەپێی ڕێککەوتنی پێشوو، حەوتسەد ملیار دینار دەنێردرێ بۆ هەرێمی کوردستان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، بێتوو مەسەلەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان وەکوو پشتیوانییەک لە فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە بەردەستی دەستەی وەزیران، لە باری ئینسانییەوە بڕیارێکی ئەرێنی دێتە ئەژمار و دەستەی وەزیرانیش ڕێگا نادات کێشەیەک لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان درووست بێت. 

کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەش کرد: ئەم حەوتسەد ملیارە کە بڕیارە ڕەوانە بکرێت، پەیوەستە بە ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغداوە، کە ئایا ئەم بڕە پارەیە بۆ دابین کردنی مووچەی مانگی ئۆکتۆبەر لەبەرچاو دەگیردرێ، یان ئەوەی کە دادەنرێ بۆ مانگی ژانڤییەی ٢٠٢٤؟ بێگومان ئەوە مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە کە ئەم بڕە پارەیە تەواوکەری مووچەی ساڵی ٢٠٢٣ـیان بێ.

سەرپەیڤ