حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌باره‌ى موچه‌وه په‌یامێکى بڵاو کرده‌وه
وته‌بێژی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند، چوارساڵی کابینه‌ی نۆیه‌م ده‌توانین ناوبنێین چوار ساڵی خۆڕاگری به‌رامبه‌ر قه‌یرانه‌کانی هاوشێوه‌ی (کۆرۆنا، قه‌یرانی دارایی و دابه‌زینی نرخی نه‌وت). ناوبراو وتیشی:"له‌باره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا کراوه به‌و مه‌رجه‌ی جێبه‌جێی بکه‌ن".
پێشه‌وا هه‌ورامانی وته‌بێژی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق بۆ میدیایەکی نزیک له پارتى وتویه‌تى: "زۆر ناجوامێرانه به‌شێک له حیزبه سیاسییه‌کان نانی خه‌ڵکیان به سیاسی کرد، من دڵنیایی ئه‌وه ده‌ده‌م هیچ شتێک ڕوونادات به زیانی خه‌ڵکی کاسبکار ته‌واو بێت".
پێشه‌وا هه‌ورامانی سه‌باره‌ت به پرسی ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، وتیشى:"ئێمه وه‌ک حکومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر دوو پرس له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدراڵ قسه‌مان کردوه، یه‌کیان موچه، ئه‌وه‌ی دیکه‌ش بابه‌تی نه‌وته، بۆ ئه‌م دوو پرسه حکومه‌تی هه‌رێم به‌هه‌موو ورده‌کارییه‌که‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه تایبه‌تمه‌نده‌کانی حکومه‌تی فیدراڵ قسه‌ی کردوه، ته‌واوی ئه‌و کۆمپانیا نه‌وتیانه‌ی له هه‌رێم کارده‌که‌ن، سه‌ردانی به‌غدایان کردوه و گرێبه‌سته‌کانیان پیشان داوه، له‌باره‌ی ورده‌کاریی کار و چالاکییه‌کانییان ڕونکردنه‌وه‌یان داوه، که هیچ کێشه‌یه‌کی نه‌بووه و دۆسییه‌یه‌کی شه‌فاف بووه".
وته‌بێژی حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستانی عێراق وتیشی:"ڕێکه‌وتن له‌مباره‌یه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا کراوه، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش به ورده‌کاریی ڕێککه‌وتنه‌که ڕازی بووه، به‌ڵام به‌و مەرجەی لە داهاتوودا ئەو ڕێککه‌وتنه جێبه‌جێ بکرێت".