سۆران عومهر زانیاریى نهبیستراو لهبارهى موچهوه ئاشکرا دهکات
ئەندامێکی پهرلهمانى عێراق ئاشکرایکرد، هەرێمی کوردستان زانیاریی پێچەوانەی دەربارەی موچەخۆران داوە بە بەغداو لە لیستەکەدا 67 هەزار ناو هەیە کە گومانیان لەسەرە.
"سۆران عومەر" ئەندامی لیژنەی دارایی پهرلهمانى عێڕاق ڕایگەیاند، گرفتی زۆر لە لیستی موچەی هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەغدا بەگوێرهى لیستەکە موچەی ناردوە، بەڵام حکومەتی هەرێم دابەشی ناکات.
سۆران عومەر ڕایگەیاند، "ڕۆژانە نەوت دەفرۆشنو بەدانپێدانانی وەزیری دارایی بەرمیلی دەدەن بە 30 دۆلار". پەرلەمانتارەکە ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو ڕاپۆرتەی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێمو بەغداوە ئیمزای لەسەرکراوە، دەریدەخات کە زانیاریی پێچەوانە دراوە بە بەغداو67 هەزار ناو لەلیستی موچەدا هەن کە گومانیان لەسەرە، چونکە ناوی دایکیان لە لیستەکەدا نییەو ناتوانرێ وردبینیان تێدا بکرێت”.
وتیشی :“تەنها لەوەزارەتی کارەبادا مانگانە دوو ملیار دینار لە لیستی موچەدا زیادە، ئەمە جگە لەوەی لەژمارەی فەرمانبەرانیش لەلیستی بایۆمەتریو بودجەو وەزارەتی داراییدا 23 هەزار جیاوازییان هەیەو لیستی خانەنشینانیش 12 هەزار جیاوازی هەیە، داهاتی 20 مەرزی هەرێمی کوردستان بەلیژنەی دیوانی چاودێری نەدراوە".