سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی ئێران کۆبووەوە
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد كە لە پارێزگارانی پارێزگاكانی هاوسنووری هەرێمی كوردستان پێکهاتبوون.
ئێوارەی پێنجشەممە 6/6/2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد كە لە پارێزگارانی پارێزگاكانی هاوسنووری هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە نوێنەرانی ناوچەكە لە پەرلەمانی ئێران پێكهاتبوو.
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا خۆشحاڵییان بە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەربڕی.
هەروەها جەختیان لە فراوانكردنی جووڵەی بازرگانی و هاتوچۆ و گواستنەوە لە دەروازە سنوورییەكان كردەوە.
چەند پێشنیارێك بۆ زیادكردنی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و فراوانكردنی زیاتری هاریكاریی لە بوارەكانی پزیشكی و گەشتیاری، لەگەڵ كردنەوەی ناوچەی بازرگانیی ئازاد لەنێوانیاندا، تاوتوێ كرد.