بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئاسانکاری باشیان کرد بۆ هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی
کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا سوپاسی خەڵک و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی کرد کە ئاسانکارییان کرد بۆ زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن کە لە رێگەی کوردستانەوە دەڕۆیشتن بۆ کەربەلا.
نەسروڵڵا رەشنوودی بەبۆنەی کۆتایی هاتنی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن (ع) پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەستخوشی لە خەڵک و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات.
نەسروڵڵا رەشنوودی ئاماژەی بەوە کردووە، ''سێیەم ساڵە لە رێگەی دەروازەی سنووریی تەمەرچین (حاجی ئۆمەران)ـەوە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن (س.خ) دەچنە کەربەلا و بە پێویستی دەزانم، دەستخۆشی لە هەوڵەکانی بەرپرسان و هەموو ئەو کەسانە بکەم کە هاوکار بوون، بەتایبەتی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، خەڵکی خۆشەویستی عێراق و هەروەها خەڵکی هەرێمی کوردستان".
بەگوێرەى راپۆرتێکی لیژنەی باڵای زیارەتکارانی ئێرانی، ئەمساڵ سێ ملیۆن و 622 هەزار و 254 زیارەتکاری چلەی ئیمام حوسێن (ع) سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراقیان کردووە.