ئه‌یلوول 02, 2024 12:26 Asia/Tehran

دابه‌شکردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هەرێمی کوردستان زیاتر دواده‌که‌وێت و له‌ سلێمانیش بایکۆتی ده‌وام ده‌ستیپێکردووه‌ و موچه‌خۆران داوای موچه‌کانیان ده‌که‌ن که‌ 60 رۆژه‌ وه‌ریان نه‌گرتوه‌.

 به‌یانی ئه‌مڕۆ ژمارێک له‌ خانه‌نشینان له‌ سلێمانی چوونه‌ به‌رده‌م بانکه‌کان و چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی موچه‌یان کرد، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌کانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری باسیان له‌وه‌ کردبوو که‌ له‌ ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌وه‌ دابه‌شکردنی موچه‌ ده‌ستپێده‌کات.

هاوکات هه‌ر ئه‌مڕۆ بایکۆتی ده‌وام له‌ فەرمانگەکانی دادنوسی 2ی سلێمانی ده‌ستی پێکرد و فه‌رمانبه‌ران پێداگرن لەسەر ئەوەی کە پێویسته‌ موچه‌کانیان خێراتر پێبدرێت.

هەر لەم ئاراستەیەدا به‌شێک له‌ فه‌رمانگه‌کانی پارێزگای سلێمانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ سیستمی کارکردنی چواررۆژ یان سێ رۆژ  له‌ هه‌فته‌دا، ئه‌وه‌ش به‌هۆی دواکه‌وتنی موچه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا وه‌زاره‌تی دارایی عێراق زیاتر له‌ 819 ملیار دیناری خستوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژماری دارایی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام تا ئێستا دیارنیه‌ که‌ دابه‌شکردنی موچه‌ کەی ده‌ستپێده‌کات وحکومه‌تی هه‌رێمیش له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ راگه‌یه‌ندراوێکی بڵاو نه‌کردۆته‌وه‌.

سەرپەیڤ