قۆناغى سێیەمى سەرژمێرى لە هەرێمى کوردستان دوادەکەوێت
بەڕێوەبەرى ئامارى هەولێر رایگەیاند، قۆناغى سێیەمى سەرژمێرى کە قۆناغى تۆمارکردنى تایبەتمەندییە کەسى و خێزانییەکانە، راستەوخۆ دواى قۆناغى دووەم دەستپێ ناکات، بەهۆى ئەوەى بژمێرەکان پێویستیان بەوەیە جارێکى دیکە بچنەوە خولى راهێنان .
دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى ئامارى هەولێر بە کەناڵ 8ى راگەیاند؛ "ئەمشەو کە قۆناغى دووەمی سەرژمێری تەواو دەبێت، لە عێراق راستەوخۆ قۆناغی سێیەم دەستپێدەکات، بەڵام لە هەرێمى کوردستان قۆناغى سێیەم دوادەکەوێت، بەهۆى ئەوەى کە پێویستە بژمێرەکان بچنەوە خولى راهێنان ببینن کە ماوەکەیشى سێ بۆ پێنج رۆژ دەخایەنێت".
گوتیشى، بڕیارە ماوەى قۆناغى سێیەم لە 23ـی ئەم مانگە بۆ 10ـی کانوونى دووەم بێت و ئەگەر پرۆسەکە لەوکاتە لە هەرێمى کوردستان تەواو نەکرا، داواى درێژکردنەوەى ماوەکە دەکەن.
سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق بە سێ قۆناغ ئەنجام دەدرێت، قۆناغى یەکەم کە قۆناغى گەمارۆسازیی بوو، کۆتاییهات، قۆناغى دووەم کە قۆناغى تۆمارکردن و جێگیرکردنى ژمارەى دانیشتووان بوو بڕیارە ئەمشەو کۆتایی بێت، سبەینێش قۆناغى سێیەم دەستپێدەکات.