وەزارەتی دارایی عێراق: فەرمانبەران شایستە داراییەکانیان وەردەگرن
وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەلایەن فەرمانگەی ژمێریارییەوە سەرجەم رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی تەواوی فەرمانگە و پارێزگاکان بەگوێرەی خشتە تەواو کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، تەمویلکردنی مووچەی ئەم مانگە کۆمەڵێک رێکاری تەکنیکی و ژمێریاری تێدابووە بەتایبەت وردبینیکردنی تەرازوی پێداچوونەوە کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ساڵدا ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابوون لە وردبینییە داراییەکان.
وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەش کردووە، "رێوشوێنی گرنگ دەگرینەبەر بۆ تەمویلکردنی مووچەی فەرمانبەران بە خێرایی و دڵنیابوونەوە لەوەی تەواوی فەرمانبەران شایستە داراییەکانیان وەردەگرن".
راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عێراق لە کاتێکدایە، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمیان وەرنەگرتووە و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو پارەیەی لەبەردەستدایە بۆ دابەشکردنی مووچە بەش ناکات و چاوەڕێن بەغدا ئەو کورتهێنانە پڕ بکاتەوە.