شوبات 08, 2025 17:00 Asia/Tehran

لە کاتێکدا کە مان لە خواردن گرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی پێی ناوەتە یازدەهەمین ڕۆژی خۆیەوە، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان خوازیاری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بوو بۆ هەواهەنگی سەبارەت بە داخوازییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم.

بزووتنەوەی ئیسلامی بە شێوەیەکی فەرمی نامەیەکی بەڕێکردووە بۆ پارت و ڕەوتە سیاسییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەک بەڕێوە ببەن بۆ لێکدانەوەی باروودۆخی مانگرتووان لە سلێمانی. مانگرتووان لە سلێمانی ڕایانگەیاندووە کە خۆ دەبوێرن لە وەرگرتنی دەرمان و چارەسەری، هۆی ئەو بڕیارەشیان بایەخ نەدرانە بە داخوازییەکانیان لەلایەن کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانەوە و پێڕانەگەیشتن بە قەیرانی دواکەوتنی مووچە و پلانی تەوتینە.  تا ئەم کاتوساتە کاربەدەستانی هەرێم هیچ هەنگاوێکی بەکردەوەیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە هەڵنەگرتووە.

بەپێی هەواڵێکی دیکە، پەرلەمانتارانی عێراق سەردانی مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانییان کردووە و پاش وتووێژ لەگەڵ مانگرتووان ڕایانگەیاند کە حکوومەتی عێراق و دادگەی فیدراڵی کۆمسیۆنێک پێکدێنن بۆ لێکدانەوەی داخوازییەکانی مامۆستایان.

پاش ئەم دیدارە، هەرێم کەمال سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەم مەسەلەیە بوو بە دەمەقاڵەیان. لەم دەمەقاڵێیەدا هەرێم کەمال ئاغا جەختی کرد لە سەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە مانگرتن لە سلێمانی، بەڵام سروە عەبدولواحید پێی داگرت لەسەر پێویستی بەردەوامیی لە پاڵپشتیکردنی مامۆستایان.

سەرپەیڤ