May 02, 2025 16:38 Asia/Tehran
  • دەسکەوتی سەفەری پارێزگاری هەولێر بۆ ئێران

"ئومێد خۆشناو" پارێزگاری هەولێر کە بۆ بەشداربوون لە پێشانگای ئێران ئێکسپۆ سەردانی ئێرانی کردبوو، لە دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لەوان پارێزگارانی تاران، زەنجان، قەزوێن و ئازەربایجانی رۆژاوا ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی داهاتوو و پشت بەستن بە مێژووی هاوبەش، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران پتەوتر دەکەین.

"ئومێد خۆشناو"، پارێزگاری هەولێر، دووشەممەی ڕابردوو و لە کۆبوونەوەی تیجاریی هاوبەش لەگەڵ پارێزگای تاراندا، وێڕای پێداگریی لەسەر پێشینەی هاوبەش و جێی شانازیی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە هەرێم بە ڕوانگەیەکی ئەرێنی بەرامبەر بە ڕابردوو و ئیرادەیەکی جیددیی بۆ داهاتوو، لەهەوڵی پتەوکردن و پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێرانە. ناوبراو سەفەری ئەم دواییەی دوکتور "مەسعود پزشکیان" سەرۆک کۆماری ئێران بۆ هەولێری بەگرینگ وەسف کردو وتی: "هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، مایەی شانازیمانە کە هەردەم لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمیشەوە جەختی لەسەر کراوە.

ئومێد خۆشناو لەدیدار لەگەڵ "محەممەد سادق موعتەمدیان" پارێزگاری تاران، وتی: هەرێم، گرینگی دەدا بە پەرەی پەیوەندیی نێوان تاران و هەولێر. پارێزگاری تارانیش وێرای پێداگریی لەسەر خاڵە هاوبەشە مێژوویی و کەلتوریەکان و پشتگریی ئێران لەخەڵکی هەرێم، وتی: ئێران هەردەم لە تەنیشت برادەرانیەتی لە هەرێمی کوردستان.

لەدیداری پارێزگاری هەولێر و قەزوێنیش، خۆشناو ڕێزی گرت لە توانای پیشەسازیی و کشت و کاڵیی قەزوێن و خوازیاری ئاڵووێری ئەزموونەکان لەبواری تەکنۆلۆژیاو بەرهەمهێنان بوو.

ئێوارەی چوارشەممەش ئومێد خۆشناو لە زەنجان چاوی کەوت بە "موحسین سادقی" پارێزگاری ئەو پارێزگایەو جەختی کردەوە لە هۆگریی هەرێم بۆ پەرەی هاوکاریی کەلتوری، ئابوری، پیشەسازی، گەشتیاریی سەلامەت و وەبەرهێنان لەگەڵ پارێزگاکانی ئێران بەتایبەت زەنجان.

ئومێد خۆشناو لەدیدار لەگەڵ "رەزا رەحمانی" پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژاواش وتی: پەرەی پەیوندییەکان و هاریکاریی دووقۆڵیی لەگەڵ ئازەربایجانی رۆژاوایی، بۆ ئێمە پێویستەو ئێمە داکۆکی دەکەین لە پەرەی هەرچەشنە هاوکارییەکی دوولایەنە.

رەزا ڕەحمانیش وێڕای پێداگری لەسەر پێویستیی پەرەی هاریکاریی لەبوارگەلی جیاجیادا، وتی: بە کرانەوەی دەروازەی سنوریی کێلەشین، هاریکاریی ئابوریی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ئێران پەرەی زیاتر دەسێنێ. 

سەرپەیڤ