پارێزگاری دهۆک: داوا لە پەکەکە دەکەین پارێزگاکەمان چۆڵ بکات
پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی:بەهۆی ململانێی چەکداریی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، پارێزگای دهۆک زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و نزیکەی ٣٠%ی گوندەکانی پارێزگاکە وێران کراون و بە تەواوی چۆڵکراون، هۆی سەرەکی نەگەڕانەوەی دانیشتوانیش بۆ ناوچەکانیان سیاسەتەکانی پەکەکەیە".
عەلی تەتەر وتی: داوا لە چەکدارانی پەکەکە دەکەین ئەو گوند و شاخانەی کە ئێستا تێیدا جێگیرن، چۆڵی بکەن بۆ ئەوەی دانیشتوانی بگەڕێنەوە سەرماڵ وحاڵی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ئێستاوە دەستی کردوە بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لەو ناوچانەی کە زیانیان بەرکەوتوە، لەوانەش قیرتاوکردنی ڕێگای گەلیی باڵندە کە بەرەو ناوچەکانی نێروە و ڕێکان دەڕوات، جگە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە کە دەکەونە بناری چیای گاڕە و چیای مەتینا.