دلێر عەبدولخالق: داهاتەکانی هەرێمی کوردستان شەفاف بخرێنەڕوو
وتەبێژی باڵی "کوردسات"ی بزووتنەوەی گۆڕان بە وەبەر ڕەخنەدانی ڕەوشی ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە داهاتی نەوتی و نانەوتی شەفاف نین و نابێ باجی ناکۆکیی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا خەڵک بیدەن.
دلێر عەبدولخالق ڕایگەیاند: پێویستە دامەزراوە نیشتیمانییەکان و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کارا بکرێت، حکومەت پێکبهێندرێت، بۆ ئەوەی دامەزراوە نیشتیمانییەکانی هەرێم دانوستان لەگەڵ بەغدا بکەن. ناوبراو پێیشیداگرت: نابێ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببنە قوربانیی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا. دلێر عەبدولخالق وتیشی: داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێم ناشەفافە و پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێم داهات بەشێوەیەکی شەفاف بخاتەڕو. دلێر عەبدولخالق وتیشی: لەبەر ئەوەی پێویستە پەرلەمان و دامەزراوە نیشتیمانییە شەرعییەکان دانوستان ئەنجام بدەن و کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم راوێژکاری و پاڵپشتی بێت بۆ دامەزراوەکان، بزوتنەوەی گۆڕان ناچێتە ژێر باری دانانی لیژنەیەکی پێکهاتوو لە لایەنە سیاسییەکان بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا.