قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ،بۆچی بەغدا ناردنی بوودجەی ڕاگرتووە
لەگەڵ بەردەوامی قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی عێراقی ڕایدەگەیەنێت کە گواستنەوەی پارە ڕاگیراوە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێک کە دەریدەخات هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا ملیارەها دیناری لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەستکەوتووە
ئەم کاربەدەستە پلە بەرزە عێراقییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە وتووێژێکی میدیاییدا ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێک موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە کە ئەو ڕاپۆڕتە واژۆی حکومەتی هەرێمی لەسەرە و دەریدەخات لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، کاتێک پرسی دابینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم قەیراناوی بوو، وەفدێکی پلە بەرزی دادگای سەرپەرشتیاری دارایی عێراق ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرا و زیاتر لە مانگێک لە هەولێر خەریکی پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆران و داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم بوون. دواتر، ڕاپۆرتێکی هاوبەش لە نێوان دادگای چاودێری دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا ئامادەکرا، بەرپرسانی دادگای چاودێری هەرێمیش پەسەندیان کرد. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، گواستنەوەی پارە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگیراوە. چوارشەممەی ڕابردوو محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاپۆرتەکەی پێشکەش بە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد و ڕێککەوتن لەسەر چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان و تا ئەو کاتەش، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕادەگیرێت. بەپێی ڕاپۆرتەکە، تەنها لە ساڵی 2023 داهاتی نەوتی هەرێم زیاتر لە 4 هەزار ترلیۆن دینار بووە.