ڕەزامەندیی سەرەتایی هەولێر بۆ ڕادەستکردنی بە تەواوەتیی نەوت بە بەغدا
سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانوستانە نەوتییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەواڵی کۆتاییهاتنی ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەیەک دەدەن.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند کە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا سەبارەت بە ڕادەستکردن و هەناردەکردنی نەوت لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی ئەنجام دراوە کە بەگوێرەی ئەو، تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم ڕادەستی بەغدا دەکرێت، بەو مەرجەی حکومەتی فیدراڵ پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێم لە بەرهەمە نەوتییەکان دابین بکات.
مەزندەی سەرەتایی ئەوە نیشان دەدات کە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی 50 بۆ 55 هەزار بەرمیل نەوت هەیە تاوەکوو بۆ پاڵاوگەکان بنێردرێت و بەرهەمە نەوتییەکانی لێ چێ بکرێت.یاسای بودجەی عێراق، ڕادەستکردنی ڕۆژانەی400 هەزار بەرمیل نەوتی لەلایەن هەرێمەوە وەک مەرجێکی پێویست بۆ ناردنی پشکی دارایی مانگانەی هەرێم دیاری کردووە. بەڵام ئێستا بە بەغدا ڕاگەیەنراوە کە بارستای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم تەنها نزیکەی 280 هەزارهەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
بە وتەی سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی خاڵەکانی ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەکە، شاندێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی هەرێم دەکات بە دوو ئامانج: یەکەم، دیاریکردنی ڕێژەی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، و دووەم، دیاریکردنی پێداویستیی ڕاستەقینەی ناوچەکە بە بەرهەمەکانی وەک نەوتی سپی، بەنزین و گازوایل کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، دەبێت حکومەتی فیدراڵ دابینی بکات.
لە ڕێکەوتی 25 ی مارسی 2023ەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕاگیراوە.
وتراوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم زووانە وەڵامی خۆی بۆ ئەم ڕێککەوتنە ڕادەگەیەنێت.